PUKmedia یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

تره‌مپ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ده‌شێوێنێت


9/5/2018 13:36:00
چاپ کردن
بە وێنەوە    بە بێ وێنە
           
.

دواجار دوناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا قسه‌ی خۆی برده‌سه‌ر و له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ شه‌ش قۆڵییه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌و بڕیاریدا سزاكانی سه‌ر ئێران دووباره‌ كارا بكرێته‌وه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 8-5-2018 به‌ر له‌وه‌ی كه‌ دۆناڵد تره‌مپ بڕیاره‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نێت، نانی نێوه‌ڕۆی له‌گه‌ڵ مایك په‌نس جێگری و مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا خوارد و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵیان كردووه‌. دواتر له‌ كۆشكی سپی چووه‌ به‌رده‌م مایكه‌كان و ڕایگه‌یاند: ئێران پێشه‌نگی یه‌كه‌می نائه‌منییه‌ له‌ جیهاندا و به‌رنامه‌ موشه‌كییه‌كه‌ی ئێران و پشتگیرییه‌كانی تاران له‌ حزبوڵڵای لوبنان بوونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایش و ئارامی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.

تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا دووباره‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ شه‌ش قۆڵییه‌كه‌ی گرت و ئاماژه‌ی به‌ كۆنفرانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی پێشووی نێوان خۆی و بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل كرد كه‌ تێدا نه‌تانیاهۆ ئاشكرای كردبوو كه‌ وڵاته‌گه‌ی ده‌یان هه‌زار به‌ڵگه‌ی نهێنی ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ ئێران درۆ ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێت به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ڕاگرتووه‌ و ده‌یان هه‌زار به‌ڵگه‌له‌به‌ر ده‌ست ئیسرائیلدان كه‌ باسی ورده‌كارییه‌كانی پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران ده‌كات. تره‌مپ ڕاشیگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئێران به‌ درۆزن ده‌زانێت سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم تا ئێستا ده‌یان جار ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئێران پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی بووه‌ و سه‌رپێچی نه‌كردووه‌.

تره‌مپ به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و بچێته‌ كۆشكی سپی سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ وتبووی كه‌ ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ خراپترین ڕێككه‌وتنه‌ له‌ مێژووی ئه‌مریكا و ئه‌گه‌ر ببێت به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، دوێنێ سێشه‌ممه‌ 8-5-2018 ترامپ قسه‌كه‌ی خۆی برده‌سه‌ر.

دوا هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تره‌مپ له‌و بڕیاره‌ په‌شیمان بكرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن بۆریس جانسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا بووه‌ كه‌ له‌سه‌ردانه‌ دوو ڕۆژه‌كه‌ی خۆیدا بۆ ئه‌مریكا داوای له‌گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئه‌مریكی به‌ تایبه‌تی تره‌مپ و جۆن بۆلتۆن و مایك په‌نس كردبوو كه‌ واشنتۆن پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بێت و ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتنه‌ نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌رله‌ هه‌وڵه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا بۆ په‌شیمانكردنه‌وه‌ی تره‌مپ، هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رانی وڵاتانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی ئه‌مریكایان كرد و له‌گه‌ڵ تره‌مپ و به‌رپرسانی ئه‌مریكا گفتوگۆیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بێت و بڕیاری كشانه‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌ شه‌ش قۆڵییه‌كه‌ نه‌دات.

 پاش ئه‌وه‌ی كه‌ تره‌مپ به‌ ڕه‌سمی ڕایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنه‌ شه‌ش قۆڵییه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌رچووه‌ و پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ نابێت، ده‌ستبه‌جێ پڕۆژه‌یه‌كی ئیمزا كرد و له‌ ناو ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاكاران ڕایگه‌یاند: له‌مه‌ودا ئه‌مریكا زیاتر له‌ جاران ئارامتر و ئه‌من تر ده‌بێت.

ئه‌وروپا پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه‌

چه‌ند خوله‌كێك پاش ئه‌وه‌ی كه‌ تره‌مپ بڕیاری ده‌رچوونی ئه‌مریكای له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ڕاگه‌یاند: یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت و ناكرێت به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلایه‌نه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ یان لێی ده‌ربچی، چونكه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ چه‌ند قۆڵییه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپادا هاتووه‌ كه‌ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌داخه‌وه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مریكا بڕیاریدا له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ڕای خۆی بگۆڕێت پێشوازی لێده‌كه‌ین و ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئێران پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بێت و له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه‌ بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا یه‌كێتی ئه‌وروپاش پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بێت.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا: ڕێگه‌چاره‌ ده‌دۆزینه‌وه‌

چه‌ند خوله‌كێك دوای وتاره‌كه‌ی تره‌مپ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڵوێستی خۆی نیشاندا و ڕایگه‌یاند: ئێستا كه‌ ئێمه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌رچووین، ئه‌مریكا به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی ڕێگایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ و هه‌میشه‌یی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران ده‌دۆزێته‌وه‌.

ڕۆحانی : ده‌یپیتێنینه‌وه‌

حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌به‌رامبه‌ر وته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ ڕایگه‌یاند: فه‌رمانم به‌ ده‌زگای وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران داوه‌ كه‌ خۆیان بۆ هه‌نگاوه‌كانی تر ئه‌تۆمی ئێران ئاماده‌ بكه‌ن تا له‌ ئه‌گه‌ری پێویستبوون به‌ پیتاندن، چالاكییه‌كان ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و تا جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دان به‌ خۆمان دا ده‌گرین و له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانمان و هاوپه‌یمانه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان ئیمزا كردووه‌ و پابه‌ندی ئیمزاكه‌ی خۆیان بوون گفتوگۆ و ڕاوێژ ده‌كه‌ین و هه‌موو شته‌كان وابه‌سته‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێمه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بڕیار بێت كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نها چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی كاغه‌ز بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی ئێران تیدا له‌به‌رچاو گیرابێت ئه‌وه‌ ئه‌و كات  ئێمه‌ ڕێگایه‌كی تر ده‌گرینه‌به‌ر.

رۆحانی دوابه‌دوای قسه‌كانی تره‌مپ له‌ ته‌له‌فزیۆنی ئێران ده‌ركه‌وت و داوای له‌ ئێرانییه‌كان ده‌كرد كه‌ نیگه‌رانی لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ نه‌بن.

ڕۆحانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌مریكا له‌ڕێككه‌وتنه‌ چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئێران جارێ  له‌و ڕێككه‌وتنه‌ ناچێته‌ دره‌وه‌ و تاوتوێی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا ده‌كات.

حه‌سه‌ن ڕۆحانی ڕایگه‌یاند هیچكاتێك وڵاته‌كه‌ی به‌ دوای ئه‌وه‌دا نه‌بووه‌ كه‌ چه‌كی ئه‌تۆمی به‌ ده‌ستبهێنێت و هاوكاتیش تاران له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌دا ده‌وه‌ستێته‌وه‌ كه‌ بیانه‌وێت ڕێگری له‌ نفوزی ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا بگرن.

  ڕۆحانی ده‌ڵێت: له‌وه‌ باشتر نابێت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بتوانین به‌بێ ئه‌مریكا به‌ ئامانجه‌كانی خۆمان له‌ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ بگه‌ین و هه‌رچه‌ند بتوانین موشه‌ك و چه‌ك پاشه‌كه‌وت ده‌كه‌ین.


 فه‌ره‌نسا: ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ڕایگه‌یاند ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و ڕاپۆرته‌كانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم پابه‌ندبوونی ئێران به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا سه‌باره‌ت به‌ گرنگی مانه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌ ده‌ڵێت: مانه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ پێویست بۆ سه‌قامگیربوونی دۆخی ناوچه‌كه‌.

روسیا: ده‌رچوونی ئه‌مریكا سووكایه‌تییه‌ به‌ ڕێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

ڕوسیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاته‌ سه‌ره‌كیانه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ شه‌ش قۆڵییه‌كه‌ی ئیمزا كردووه‌ و و هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی ئێرانه‌، مۆسكۆ توندترین هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ هه‌بووه‌ و ده‌ڵێت: ده‌رچوونی ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ سووكایه‌تیكردنی واشنتۆنه‌ به‌ ڕێكككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بێڕێزییه‌ به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مریكا جارێكی تر به‌ پێچه‌وانه‌ی ویست و ئیراده‌ی وڵاتانی دیكه‌ی جیهان هه‌نگاوی نا. 
كۆشكی كرملین وێڕای ئیدانه‌كردنی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند: ئه‌مه‌ نوێترین به‌ڵگه‌یه‌، كه‌ ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ نابێت دانوستان و گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكرێت.

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا: ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌

ئیمانوێل ماكرۆنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا چه‌ند خوله‌كێك دوای بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونی واشنتۆن له‌ ڕێككه‌وتنه‌ شه‌ش قۆڵییه‌كه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ی تویته‌ری خۆیدا نووسیویه‌تی: فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا به‌ داخن كه‌ ئه‌مریكا بڕیاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی دا.
ماكرۆنی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ تره‌مپ هه‌یه‌ ده‌نووسێت ئێستا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌.


كه‌نه‌دا: ڕێككه‌وتنه‌كه‌ كاریگه‌ر بووه‌ و پاڵپشتی ده‌كه‌ین

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وێڕای پشتیوانی له‌ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌نووسێت كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێران ده‌ستی به‌چه‌كی ئه‌تۆمی نه‌گات و هه‌رله‌سه‌ره‌تای ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ وایكردووه‌ كه‌ ئێران پابه‌ند و وه‌ڵامده‌ر بێت. 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ته‌نانه‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ تا ئێستا كه‌نه‌دا بڕی 11 ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار دۆلار یارمه‌تی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاژانس به‌ڕاستی چاودێری بكات.
له‌به‌شێكی تری ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كه‌نه‌دا هاتووه‌ هه‌رچه‌ند ئیدانه‌ی پشتیوانییه‌كانی ئێران له‌ تیرۆریزم ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌ داخین كه‌ ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتنه‌ كشاوه‌ته‌وه‌.

ئۆباما: ڕێككه‌وتنه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌

باراك ئۆباما  سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌ودا ئیمزا كرا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌و بڕیاره‌ی تره‌مپی ئیدانه‌ كرد و نووسیویه‌تی كه‌ ئه‌مریكا به‌و بڕیاره‌ پشتی له‌ هاوپه‌یمانه‌ نزیكه‌كانی خۆی كرد.

ئۆباما نووسیویه‌تی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌شه‌ش هۆ سه‌ركه‌وتوو بووه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ ته‌نها ڕێككه‌وتنێكی دوو قۆڵی له‌نێوان واشنتۆن و تاران نییه‌، به‌ڵكوو ساڵانێكه‌ هه‌وڵێكی چه‌ند لایه‌نه‌ له‌وانه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و چین و ڕوسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ لایه‌ك و ئێران له‌لایه‌ك خه‌ریكی ئه‌و ڕێككه‌وتنن.

دووه‌م: ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاوه‌ توانیویه‌تی پڕۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران به‌ره‌و دواوه‌ ببات.

سێیه‌م: ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر دڵنیابوون دانه‌رێژراوه‌، به‌ڵكو چاودێری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ر داموده‌زگا ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران له‌ ڕێككه‌وتنه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه‌ و له‌به‌رچاو گیراوه‌ و نووسراوه‌.

چواره‌م:  ئێران پابه‌ندی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ بووه‌ و ئه‌مه‌ ته‌نها له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌و كاتی من نه‌بووه‌، به‌ڵكوو ئێستاش داموده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مریكا و جیهان و ته‌نانه‌ت ئاژانسی وه‌زه‌ی ئه‌تۆم پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئێران پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بووه‌.

پێنجه‌م: ڕێككه‌وتنه‌كه‌ مێژووی ته‌واوبوونی نییه‌ و له‌ئێستاشدا پێویست ناكات نیگه‌رانی ساڵانێك بین كه‌ زۆر دووره‌.

شه‌شه‌م: ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی هیچ كات مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كانی نێوان ئه‌مریكاو ئێران نه‌بووه‌.

باراك ئۆباما له‌درێژه‌ی نووسینه‌كه‌ی خۆیدا ده‌نووسێت: به‌پێی زانیاریی و ڕاستییه‌كان بڕیاری ده‌رچوون له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ئێستادا كه‌ ئێران پێشێلی نه‌كردووه‌ هه‌ڵه‌یه‌ك بۆ ئه‌مریكا. ئه‌مریكا به‌ كشانه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت له‌ ئه‌نجامدا خۆی بۆ ئه‌م دوو بژاره‌ ئاماده‌بكات، یان ئێرانێكی خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی، یان جه‌نگ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. هه‌موومان هه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌كانی ئێرانێكی ئه‌تۆمی ده‌كه‌ین و ئێران ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌یه‌، به‌ڵام ده‌رچوونی ئه‌مریكا زیاتر ئێران ده‌وروژێنێت بۆ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی و دۆسته‌كانی ئێمه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون ده‌كات و هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا  و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پێشبڕكێیه‌كی زۆر مه‌ترسیداری چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی له‌ناوچه‌كه‌دا دروست ده‌كات.

زه‌ریف: هه‌وڵه‌ دیپلۆماتییه‌كانم ده‌خه‌مه‌گه‌ڕ  

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ندازیارانی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ ده‌ربڕی و له‌ لاپه‌ڕه‌ی تویته‌ری خۆیدا نووسیویه‌تی: من به‌ فه‌رمانی حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران هه‌وڵه‌ دیپلۆماسییه‌كانی خۆم به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌به‌م تا تاوتوێی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئایا ده‌توانین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان ئێمزا كردووه‌ ده‌توانن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ته‌واوی ئێران له‌و ڕێككه‌وتنه‌دا گره‌نتی بكه‌ن، وه‌ڵامی ئێمه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌نجامی ئه‌و تاوتوێكردنانه‌دایه‌.

زه‌ریف دواتر له‌ ناو به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانبه‌رانی گروپی پیشه‌سازی " مپنا" ڕایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر تره‌مپ بیه‌وێت ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كه‌ ده‌ستكه‌وتێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ تێك بدات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دواتر له‌ دۆخێكی خراپتردا ده‌بێت مافه‌كانی گه‌لی ئێران قه‌بوڵ بكات.

په‌رله‌مانی ئێران: وڵامی ئێران ده‌بێت توند بێت

حسێن نه‌قه‌وی حسێنی وته‌بێژی كۆمسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی په‌رله‌مانی ئێران ڕایگه‌یاند: ده‌بێت گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئێران ده‌ستبه‌جێ بڕیار له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كه‌ی تره‌مپ بده‌ن و له‌باره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ی هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ داموده‌زگا په‌یوه‌ندییداره‌كاندایه‌.

سوپای پاسداران: خۆمان بۆ هه‌موو سناریۆیه‌ك ئاماده‌ كردووه‌

هاوكات حسێن سه‌لامی جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگه‌یاند: ئه‌مریكا هیچ پروگرام و ستراتیژییه‌كی بۆ جه‌نگ له‌ناوچه‌كه‌دا نییه‌، به‌ڵام ئێران به‌ باشی ده‌زانێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌ناوچه‌كه‌دا چۆن دابین بكات و گه‌لی ئێران خۆی بۆ مه‌ترسیدارترین سیناریۆ و هه‌ڕه‌شه‌كان ئاماده‌كردووه‌.

عیراقچی: چاودێری ئه‌مریكا و ئه‌وروپییه‌كان ده‌كه‌ین

عه‌باس عیراقچی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی وه‌فدی دانوستانكاری ئه‌تۆمی ئێران له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌ڵێت: ئێران به‌ وردی هه‌ڵوێستی لایه‌نی ئه‌مریكی و ئه‌وروپییه‌كانی خستۆته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌ و ئێمه‌ ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و گرێدراو له‌گه‌ڵ مافه‌كانی گه‌لی ئێران بڕیاری خۆمان له‌كاتی خۆیدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ی تره‌مپ و ئه‌مریكا ده‌بێت
 
63% ئه‌مریكییه‌كان له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ن

به‌پێی راپۆرتی ئاژانسی سی ئێن ئێن به‌ پێی تازه‌ترین ڕاپرسییه‌ك كه‌ له‌ ئه‌مریكا كراوه‌، 63% به‌شداربوونی ڕاپرسییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ ئه‌مریكا پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بێت و نه‌كشێته‌وه‌ و 29% له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌ به‌شێكی تری ڕاپرسیه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ 62% به‌شداربووان لایانوایه‌ كه‌ ئێران پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بووه‌ و 19% پێیان وایه‌ كه‌ تاران ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشێل نه‌كردووه‌.

هه‌ڵوێستی وڵاتانی نه‌یاری ئێران

ئیسرائیل و سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حرین پشتیوانیان له‌ بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ كردووه‌.

ئیسرائیل : هه‌نگاوێكی مێژووییه‌

بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وزیرانی ئیسرائیل دوابه‌دوای بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ڕایگه‌یاند پشتگیری له‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ كرد و به‌ هه‌نگاوێكی مێژوویی له‌ قه‌ڵه‌می دا و سوپاسی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكای كرد و هاوكات لیبه‌رمان وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل ڕایگه‌یاند وه‌ها بڕیارێك له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ڕووخانی حكومه‌تی ئێران.

سعودیه‌.. پشتیوانی له‌بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌كه‌ن

سعودیه‌ كه‌ كێشه‌ی جدی و بنه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ پشتگیری له‌ بڕیاره‌ی دۆناڵد تره‌مپ ده‌كه‌ن و پێشوازی له‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌كه‌ن.
به‌مدوایانه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشین ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ئێران دوژمنی سعودیه‌ و ئیسرائیله‌.

 ئیمارات : پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌ین

 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ كرد  داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد بۆ پاكسازی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ چه‌كی ئه‌تۆمی و چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی پشتگیری له‌ هه‌نگاوه‌كانی تره‌مپ بكه‌ن.

 به‌حرین: ئه‌مریكا به‌ره‌نگاری سیاسه‌ته‌كانی ئێران ده‌بێته‌وه‌

حكومه‌تی به‌حرین ڕایگه‌یاندووه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی تره‌مپ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ئێران بوه‌ستێته‌وه‌.

ئه‌ڵمانیا.. جیهان ئاسایشێكی كه‌متری ده‌بێت

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت به‌بێ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ جیهان ئاسایشێكی كه‌متری ده‌بێت. هایكۆ ماس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا چاوی به‌ ژان ئیۆ لۆدر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا یان كه‌وت و ڕیگه‌یاند: ئه‌وان به‌بێ ئه‌مریكاش پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ده‌بن.

بڕیارێكی قورسی كۆنگره‌ بۆ تره‌مپ

 به‌پێی بڕیارێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێت هه‌ر 120 ڕۆژ جارێك سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندی ئێران به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ یان به‌رده‌وام بوون یان كۆتایی هێنان به‌ سزاكانی سه‌ر ئێران بڕیار بدات. تره‌مپ پێیوایه‌ ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ڕێگر نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران و نه‌بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگری له‌وه‌ بكات كه‌ ئێران ناوچه‌كه‌ تێكنه‌دات .

كه‌ی ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كرا؟

ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران هه‌رچه‌ند له‌مانگی ته‌موزی ساڵی 2015 له‌لایه‌ن ئێران و وڵاتانی ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسا، چین، ڕوسیا، به‌ریتانیا ، ئه‌ڵمانیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ شاری ڤییه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا واژۆ كرا، به‌ڵام مێژووی ده‌ستپێكی دانوستانه‌ ئه‌تۆمییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2013، ماوه‌ی 20 مانگ ئه‌و چه‌ند وڵاته‌ بۆ ڕێككه‌وتنێكی ئه‌تۆمی دانوستانیان كرد كه‌ دواجار له‌ مانگی ته‌موزی 2015 ڕێككه‌وتن و ئیمزایان كرد و به‌مشێوه‌یه‌ ئێران بڕیاریدا كه‌ پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی ڕابگرێت و تیمه‌كانی چاودێری ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم ده‌توانن سه‌ردانی داموده‌زگا ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران بكه‌ن.

 له‌ئێستادا كه‌ ئه‌مریكا له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌ و ئێران دانی به‌خۆیدا گرتووه‌ و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا و ڕوسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا پابه‌ندن به‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ هه‌موومان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن تره‌مپ دوای كشانه‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ نیازی چییه‌ له‌كاتێكدا كه‌ خه‌ریكه‌ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور ڕێكده‌كه‌وێت و كۆریای باكوور ئاماده‌یی خۆی بۆ داخستنی كارگه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ده‌ربڕێوه‌. تۆ بڵێی له‌ ئاینده‌دا ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ چ چاره‌نووسێكی هه‌بێت؟

 وه‌رگێڕان/ جه‌واد حه‌یده‌ری


سه‌رچاوه‌كان/ بی بی سی، دویچه‌ڤیله‌، ئیسنا، ئیرنا،ویكیپیدیا، ئاژانسی فه‌ره‌نسا

PUKmedia

وێنە هەواڵ
  • image04
  • ساڵێك به‌سه‌ر كۆچی دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا تێده‌په‌ڕێت

  • image04
  • عادل موراد كۆچی دوایی كرد

  • image04
  • یه‌كێتی سه‌ركه‌وت

  • image04
  • له‌سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ت سوورم

  • image04
  • ئه‌مریكا به‌بڕی 50 هه‌زار دۆلار هاوكاری مۆزه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌كات

  • image04
  • به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت

  • image04
  • زیاتر لە 900 هەزار كەس بەشداری دەنگدانی تایبەت دەكەن

  • image04
  • 30 ساڵ به‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال تێده‌په‌ڕێت


                                           

رێوشوێنی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی هه‌ڤاڵ عادل موراد بۆ سلێمانی


هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ڤاڵان عه‌دنان موفتی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و و به‌هرۆز گه‌لاڵی نوێنه‌ری یه‌ك...


  وێنه‌.. هه‌ڤاڵانی ئه‌ڵمانیا ماڵئاوایی له‌ عادل موراد ده‌كه‌ن
  كۆمیته‌ی رێكخستنی ئه‌ڵمانیا سوپاسی یه‌كێتییه‌كان ده‌كات
                                           

سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان


شکسـپیر دەڵێ:" لە جیـهاندا سەرینـێک نییە، کە لە باوەشـی دایـک نەرمتـر بـێت"

منداڵ بە هەر هۆیەکەوە ب...


  سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان
  د.هیشام: هیچ سه‌ركرده‌یه‌كى داعش له‌نێو به‌ندكراوه‌كانى هه‌رێمدا نیه‌
                                           

سیناریۆ و ئه‌گه‌ره‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق

ھه‌رچه‌نده‌ له‌ ئێستادا ته‌نھا ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق خراونه‌ته‌ڕوو و ...


  ئامارو داتاكان: یەكێتی لە خزمەتگوزاریشدا هەر یەكەمە
  تره‌مپ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ ده‌شێوێنێت


کاریکاتێر