riklam

هه‌رێم كه‌مال ئاغا: رێگاناده‌ین ئه‌م میللـه‌ته‌ قوربانی سیاسه‌تی تاكه‌ حزبێك بێت

ی.ن.ک‌‌ 09:09 AM - 2018-04-28
.

.

هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌رۆكی لیستی ١٦٢ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سه‌ردانیدا بۆ پارێزگای دهۆك، به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و كادیرو هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی و هه‌زاران كه‌س له‌ جه‌ماوه‌ری ناوچه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی ئه‌نجامدا.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان كرد، كه‌ ئه‌م شۆڕشه‌ "سه‌ره‌تا له‌ بادینان ده‌ستیپێكردو یه‌كه‌م پۆله‌ شه‌هیدی كڵپه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان له‌ بادینان بوو، به‌ خوێنی ده‌یان و سه‌دان شه‌هیدی ئه‌م ناوچه‌یه‌ چه‌خماخه‌ی شۆڕشی نوێ لێدراو تا ئه‌به‌د ناكوژێته‌وه‌". وتی: "كێ هه‌یه‌ نه‌زانێت برایم عه‌زۆ چ قاره‌مانێك بوو، حوسێن بابه‌شێخ چ جوامێرێك بوو، یان نه‌زانێت عه‌بدولڕه‌حمان شنگالی و سه‌دان شه‌هیدی ئه‌م ناوچه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان چ داستانێكیان تۆماركردووه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا بۆ خولێكی تری په‌رله‌مانی عیراق ده‌چنه‌وه‌ به‌غدا، ده‌یانه‌وێت درێژه‌ به‌و كاروانه‌ بده‌ن كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ عیراق هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ی بۆ بڕیوه‌. وتیشی "ده‌مانه‌وێت بچینه‌وه‌ به‌غدا، له‌سه‌ر رێبازو تێگه‌یشتنی مام جه‌لال خه‌باتی سیاسیمان به‌رده‌وامبكه‌ین.

ئه‌ركی جیاوازی ئه‌مجاره‌ی بۆ په‌رله‌مانی عیراق، له‌گه‌ڵ رابردوو به‌وشێوه‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌پێناوی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هه‌میش بۆ دیموكراسی، ئازادی و یه‌كسانی شه‌ڕ ده‌كه‌ن. وتیشی "تا عیراق به‌ ئه‌قڵیه‌تی شۆڤینی میللـی و تایه‌فه‌گه‌ری به‌ڕێوه‌بچێت، كۆسپ له‌به‌رده‌م مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و بنه‌ماكانی دیموكراسی، ئازادی و مافی مرۆڤ دروستده‌بێت. بۆیه‌ له‌ ناوه‌ندی حكومه‌تی به‌غدا، له‌گه‌ڵ كه‌س و لایه‌نه‌ ئازادیخوازو پێشكه‌وتووخوازه‌كان كار بۆ بنیادنانی عیراقێكی دیموكرات و ئازادو وابه‌سته‌ به‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ین. ته‌نیا رێگه‌ی زامنكردنی ئاشتی، به‌دیهێنانی خواستی توێژه‌ بێبه‌شه‌كان و پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو پێكهاته‌كان به‌نده‌ به‌ بنیادنانی یێراقی دیموكرات، فره‌لایه‌ن و هاوبه‌ش".

سه‌رۆكی لیستی ١٦٢ جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌وان بۆ به‌ده‌ستهێنان و زامنكردنی ماف و به‌ركه‌وته‌ی گه‌لی كوردستان له‌ به‌غدا، درێژه‌پێده‌ری كاروانی خه‌باتی سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌بن. به‌پێویستی ده‌بینێت كه‌ "ئه‌م ئه‌ركه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ جێبه‌جێ بكرێت". وتیشی "هه‌موومان پێكه‌وه‌ كار بۆ سه‌رخستنی لیسته‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال، لیستی 162 ده‌كه‌ین، ئه‌م لیسته‌ تاكه‌ هیوای خه‌ڵكی كوردستانه‌". له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داوایكرد زۆرترین ده‌نگ كۆبكه‌نه‌وه‌ تا خێرو خۆشی بۆ كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌.

هه‌رێم كه‌مال ئاغا دووپاتیشی كرده‌وه‌ له‌ به‌غدا كار بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی كوردستان، وتیشی "هێزی پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌، پرسی موچه‌و قوتی خه‌ڵكی كوردستان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌، هاوكات چیتر رێگه‌ نه‌ده‌ین ته‌نها لایه‌نێكی سیاسی بڕیار له‌باتی خه‌ڵكی كوردستان بدات". وتیشی "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی خۆی ده‌گێڕێت، چیتر رێگا ناده‌ین چاره‌نوسی ئه‌م میللـه‌ته‌ ببێته‌ قوربانی سیاسه‌تی حزبێكی دیاریكراو له‌ كوردستان".

له‌باره‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی سوپای توركیا بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ن بۆ رێگریكردن له‌ بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیاو هاتنی سوپای توركیا بۆ بادینان، كه‌ رۆژ به‌ رۆژ بنكه‌كانیان له‌م ناوچه‌یه‌دا زیاد ده‌كات، به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ هاووڵاتی سیڤل شه‌هید ده‌كرێن، ماڵ و ره‌زو باغیان خاپور ده‌كرێن.

PUKmedia تایبه‌ت

3 (1).jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket