riklam

تێبینیێکی گچکە لەسەر کاک ڕەنج سەنگاوی و تەلەفزیۆنی ڕووداو

بیروڕا 09:59 AM - 2018-04-21
.

.

ئەوەی ئێستا کاک ڕەنج سەنگاوی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕووداو دەیکا، لە کاری ڕاگەیاندن دوورەو هیچ پەیوەندی بە ئەخلاقی ڕاگەیاندنەوە نییە، جگە لەوە، لە پرۆفێسیۆنالیزم و بەڕێوەبردنی چۆنیێتی بەرنامە لە شاشەی سەردەمیش دوورە. (بۆ دەبی من بزانم تونس لە کوێندەری ئەفریقایە، یان بۆ دەبی من دەستوور لەبەر بکەم، یان چ کەسێ پێشتر لە حکومەتی ئێراق وەزیربووە.). هەزارو یەک پرسیاری دیکەی قۆڕو بێمانا بۆ دەبی من وەڵامیان بزانم، لەکاتێکدا هەڵبژاردن بۆ بەغدایەو کورد ئەو مافانەی هەتا پێش یەک ساڵ هەیبوو، دوای ڕێفێڕیندۆم نیوەی لەدەستدا... (کەواتە خەباتی ئەمجارەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا، لە سێ جارەکەی پێشتر دەبی جیاوازبی).

خۆزگە ڕووداو و کاک ڕەنج دەیانزانی، حزب نوێنەر هەڵدەبژێری، حزب بەرنامە بۆ هەڵبژاردن دەنووسێ، لەناو پەرلەمانیش حزب بڕیاردەدا، لەسەر چ یاسایەک دەنگ بدەن یان دەنگ نەدەن، یان چ پڕۆژە یاسایەک پێشکەش بکەن، هەروەها ئەوانەی زۆرترین دەنگ دێنن و دەردەچن، پێش هەموو شتێک، نوێنەرایەتی حزبی خۆیان دەکەن، نەک نوێنەرایەتی تاکی خۆیان یان خەڵکی دیکە. خەڵک حزب هەڵدەبژێری، ئینجا لەناو حزب کەسێک، ئەگەر بیەوێ... ئەوەی ڕەنج و ڕووداو لەم بەرنامەیەو هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیکەن، بە ئاسانی دەکرێ بگوترێ، خراپترین بیرۆکەیە لە مێژووی ٨٢ ساڵەی تەلەفزیۆن لەسەر هەڵبژاردن جێبەجێکرابی...

تەلەفزیۆن دادگای میللی، حزبی یان شورا نییە، خەڵک بێنێت و لەبەرچاوی کۆمەڵێک ملیۆن بینەر سووک و ڕێسوایان بکا، رۆژنامەنووس پۆلیس و حاکم نییە، تەلەفزیۆن شوێنی ئەشکەنجەدان و هەیئەی کورکوکیش نییە، خەڵک بێنێتە سەرشاشەو بە گازو پلایس زانیارییان لێدەربێنی... تەلەفزیۆن هۆڵی تاقیکردنەوەش نییە، خەڵک دەربچوێنی یان ساقیتیان بکا... ئەگەر ڕەنج بیەوەێ خۆی وەک پاڵەوان پیشاندبا، ئاسانترین و کورترین ڕێگا، پەیڕەکردنی ئەخلاقی ڕاگەیاندنە، کە دەکاتە: گوێگرتنی باش، بریندارنەکردنی بەرامبەری، بەڕێوەبردنی بەرنامە بەجوانی، غەدر نەکردن لەکەس و کەس بەرنامەکەی بەدڵشاکای جێنەهێڵێ، هەموو ئەو وڵامانە بەبینەر بدا، کە چاوەڕێن یان پێشبینی دەکەن...هتد.

لە ساڵی ٢٠١٥ کتێبێکم بە ناوی: "بنەماکانی ئێتیک و ئێتیک لە ڕاگەیاندی کوردیدا"، چاپکرا، خۆزگە دانایەکم بە هەردووک برایانی بەڕێزم، کاک ئاکۆ و کاک ڕەنج بدابا... یەکەمیان لە رۆل و گرنگی تەلەفزیۆن تێبگاو دووەمیش فێری پرسیارکردن و ڕێزگرتن لە میوانەکانی بێت...


پ.ی.د. مەغدید سەپان
دامەزرێنەری بەشی ڕاگەیاندن (٢٠٠٥)
لە زانکۆی سەلاحەدین

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket