riklam

بەدەستهێنانەوەی ئایندەمان

ی.ن.ک‌‌ 02:13 PM - 2018-04-18
.

.

(بەدەستهێنانەوەی ئایندەمان) دروشمی لیستی 162ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، كە رۆژی 12/5/2018 لە سەرتاسەری وڵات، بە كوردستان و ناوچە دابڕاوەكانییەوە ئەنجامدەدرێت.

1
بەدەستهێنانەوەی ئایندەمان، مانایە بۆ رابردوویەكی پڕ كارو خەبات و دەستكەوت، مانایە بۆ واقیعی ئەمڕۆی ئەركەكانی تێكۆشان كە روومان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییە، بۆ ئایندەیەك كە ئیرادەی یەكێتییەكان لە چوار ساڵی داهاتوودا، بەرجەستە دەكات، واتا ئەم دروشمە گوزارشتە لەهەمان یەكێتی: دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەی.

لە رەوتی تێكۆشانی چەندین دەیەی كوردایەتیی پێشكەوتنخواز كە یەكێتی و شۆڕشی نوێ بەرجەستەیان كردووە. نەبەردی و سەركەوتنی زۆر هەیە. هەروەها خەباتەكەمان تووشی نووچدانیش بووە، بەڵام چونكە ستراتیژو ئیرادەی یەكێتی لەسەر دینگەی پتەوی (نەسرەوتن تا سەركەوتن) بینا كراوە، هەموو جارێك یەكێتی رابۆتەوەو لەگەڵ ئەمیشدا كوردستان و كوردەواری كە ئەسڵی ئامانج و رەنجەكەی یەكێتی-ن، رابوونەتەوەو كاروانەكە بەردەوام بووە. لە شەوەزەنگی تاریكیدا كە بەغدای شۆڤێنی، وایزانی (دارخورمای تەعریب دەگاتە دوا سنووری كوردستان، كەچی رابەرایەتی شۆڕشی نوێ دارخورماش لەسەریان بڕوێ، شۆڕشیان پێناكرێت)، بەڵام یەكێتی بڵێسەی شۆڕشێكی نوێی داگیرساند، لە نووچدانی هەكاری و پیلانی هەمەجۆر، لە ئەنفال و كیمیاباران و سەردەمی پارتیزانی دوای ئەنفالیش كە هەموو دنیا، دۆستی بەغدای ئەوكات بوو، گەلەكەمان كۆڵی نەداو بە رابەرایەتی یەكێتی و لەگەڵ یەكێتیدا راپەڕینی كرد. لەدوای راپەڕین و هەموو وێستگەكانی پەلاماردانی یەكێتی و گەمارۆدانی رەوتی كوردایەتیی پێشكەوتنخواز، گەمارۆدانی كوردستان و ئابڵوقەی چەند سەرەی ئابووری لەسەرمان، كاروانی خەبات تا رووخانی رژێمی دیكتاتۆری و دامەزراندنی عیراقێكی نوێی دەستووری. رانەوەستا.

لە بەرەنگاریی تیرۆری قاعیدەو شەپۆلی تیرۆری داعشیشدا، گەلی كوردستان لە جەنگی دژی تیرۆر، بە هیممەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارێزراو و سەرفراز بوون و وزەی یەكێتی هەمیشە بەشی یارمەتیدانی بەشەكانی تریشی پێوە بووە. لە مقاوەمەتی كۆبانێ-دا، لە رەوتی درێژی خەباتی سیاسی و دیموكراسیی یەكێتیشدا، لە دەستپێشخەریی دیموكراسی و فرەیی و گەشەپێدانی هەمەلایەنەدا، هەمیشە زۆنی نفوزی یەكێتی، باسكی بەهێزی گەلی كوردستان بووە لەهەموو كایەكاندا. ئەم راستیانە بۆ خەڵكی هۆشیاری كوردستان لەبەرچاون، بەجۆرێ پاشەكشێ، یان لادانی كاتی، یان هەڵە لەم، یان لەو وێستگەیەی خەباتدا، كە بێگومان هەڵەو كەموكوڕی روویانداوە. بەری چاوی تیژی خەڵك لێڵ ناكات و هەمووان دەزانن ئەوی كارو خەبات دەكات، هیممەت دەنوێنێ و هەڵەش دەكات و هەڵەش راست دەكاتەوە.

2
كۆششی هەڵمەت، دەستكەوت دەهێنێ و ئیجتیهادی هەڵەو كەمتەرخەمیش هەڵوێستەو رەخنەو پێداچوونەوەی دەوێت.

لەدوای ریفراندۆم و لێكەوتەكانی و رووداوەكانی ئۆكتۆبەریش، بێگومان كوردستان و ئەزموونەكەی پاشەكشێیان كردووەو ئەم پاشەكشێیەش نرخی خۆی هەبوو. ئەوی یەكێتی جیادەكاتەوە ئەوەیە، هەڵەكانی دەبینێ و دەشبـێ بیانبینێ و بە متمانەو ئیرادەو دەنگی خەڵكی كوردستان، راستیان دەكاتەوە.

یەكێتی هێزی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەری كوردستانەو وزەو توانای خۆماڵی و خۆڕسكەو دەرمانی وزەبەخشی بێگانەی نییە، بەڵكو هەمیشە وەكو مامی گەورەمان لە لووتكەی سەركەوتنیشدا دەیوت؛ پشتمان بەستووە (بە خوای خۆمان، خەڵكی خۆمان و خودی خۆمان).

3
یەكێتی لەم وێستگە تازەیەی تێكۆشانیدا، لە وێستگەی ئەم هەڵبژاردنە كە لە بنچینەدا بۆ ئاستی عیراق و بۆ ئیستحقاقە نەتەوەییەكەمانە، زیاتر لەوەی بۆ ناوخۆی كوردستان بێت. پشتبەستوو بە راست و رەوایی مەسەلەی كوردو كوردستان، پشتبەستوو بە تین و تاوی كۆمەڵانی خەڵك و دەنگی دلێریان لە رۆژی 12/5/2018، پشتبەستوو بە خودی خۆمان لە وێستگەی چوار ساڵی داهاتووی تێكۆشانی پەرلەمانی و سیاسیدا. كار بۆ ئەوە دەكات بە وزەی دوێنێ و واقیعی هیممەتی ئەمڕۆ، ئایندەمان بەدەستبهێنێتەوە. هەیبەتی بڕیاردان بگەڕێنێتەوە بۆ كوردستانێكی بەهێز، شەراكەت بە هەموو وردەكارییەكانییەوە، دەسەڵاتی هاوبەش بە هەموو جومگە ئابووری و سیاسی و یاساییەكانەوە، بەدەستبهێنێتەوە.

4
یەكێتی؛ كارو خەبات دەكات، ئەوی كاریش دەكات لەو رەوتەدا نووچی كاتیی دەدات، بەڵام هەستانەوەو رابوونەوەی بەتینتری، ستراتیژە بەردەوامەكەیە. سەركەوتنەوەی كوردستان دیمەنە سەرەكییەكەی تابلۆی تێكۆشانی یەكێتییە.

دواجار لیستی 162، لیستی سەرۆك مام جەلال و تێكۆشەرانی رێگای رزگاریی كوردستان سەردەكەوێت، چونكە ئیرادەی ئایندەی هەیە، چونكە خۆكردییە، خۆ كوردییە.


ستران عه‌بدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket