riklam

یەكێتی، پاشەكشە لەدیموكراسی ناكات

بیروڕا 10:05 PM - 2018-04-12
.

.

‎كاڵای دیموكراسی‌و باڵای یەكێتی دوانەیەكی پەیوەستبووی مێژووین، ئاخر خۆ لەوەتەی یەكێتی لەیادگەی تاڵەبانییەوە چاوی تروكاوە، هەمیشە ئەگەر بۆ خەباتی رزگاری نشتیمانیی شمشێرێكی لەدەست بووبێت، ئەوە بۆ پاراستنی دیموكراسیش قەڵغانێك لەدەستەكەی دیكەیدا بووە، ئەو كەلتوورە رەسەنەشە وایكردووە، چەندە ئاڵنگاریی یەخەمان بگرێ‌و چەندەش كۆسپ بێتە رێمان، بارتەقای دنیا روبەڕووی نشوستی ببینەوەو چەندەش شكست خۆی بكات بە جوگرافیای ئێمەدا، شتێك كە هەرگیز دەستبەرداری نابین، ئەو مۆڕاڵەیە كە رایهێناوین لەسەر ئەوەی كە یەكێتی نەك هەر دەبێت دیموكراسیی بێت، بەڵكو دەبێت پێشڕەووی ئەو خەباتەش بكات، ئیدی سالاریی‌و پێشڕەوی دیموكراسیی‌و پەسەندكردنی فرەیی‌و پلورالیزم‌و بەرگریی لە شاڕێی كرانەوەی راستەقینە وەزیفەیەكە بۆ پاراستنی دیموكراسیی دەمێكە بە باڵای یەكێتیدا بڕاوە.

‎دنیابینی راست‌و دروستی یەكێتی وەك هێزێكی پێشڕەو، بۆ پاراستنی پایەكانی دیموكراسیی دەمێكە خەمڵیوەو زەمەنێكیشە بۆتە شاڕێی خەباتی ئەو هێزە، هەم لەپشتیوانی بێ چەندو چوونی دامەزراوە دیموكراسییەكان‌و رێگریی لەوەرگۆڕانی سیستەم بۆ ستەمكاریی سیاسیی، هەمیش لە پەسەندكردنی دەستاودەستكردنی دەسەڵات وەك روویەكی راستەقینەی ئەو پرۆسەیە، هەروەها لەرەخساندنی زەمینەی ئازادی رادەربڕین‌و پلۆرالیزمی سیاسیی‌و بەیەكەوەژیانی ئاشتیانە، كۆی ئەو رەفتارانەی یەكێتی، ئەگەر لەشوێن‌و كاتی جوداشدا لەسەر حسێبی قەوارەكەی خۆشی بووبێت، ئەوە نەك پاشەكشەی لەو ئەركە مێژوویی‌و دیموكراسییە نەكردووە، بەڵكو وەك هێزێكی جوامێر كردوویەتی بەكەلتوور.

‎ئەگەر دڕدۆنگی ناوخۆیی لێگەڕێ، یەكێتی هێزێكە ناگلێ، بەڵام لەكۆی ئەو ووردە گلانانەی رابردوو بەرجەستەمان كردن، هەمیشە ئەزموونێك بۆ ئێمە ماوەتەوە، ئەزموونی تێگەیشتن لەوەی كە مانەوەی یەكێتی‌و سەروەرییەكانی ئەو هێزە بەتەنها بەند نییە بەیەكێتی نشتیمانی كوردستانەوە، بەڵكو گرێدراوی مانەوەی پرۆسەی دیموكراسیی‌و بەردەوامیشە لەسەر ئەو رۆڵە میحوەرییەی یەكێتی كە لەپێناو دیموكراسیی خەباتی بۆ دەكات، بەو مانایەی كە ئیدی یەكێتی ئەوكاتە كۆتایی نایەت، كە لەهەڵبژاردنێكدا پاشەكشە دەكات، ئەودەمە تەڵقین نادرێت كە روبەڕووی ئینشیقاق‌و لێكترازان دەبێت، ئەوكاتەش یاسینی لەسەر ناخوێنرێت كە ناكۆكیی‌و جەمسەربەندییە ناوخۆییەكانی دەگەنە حاڵەتی تەقینەوە، بەڵكو ئەوكاتەی یەكێتی كۆتایی دێت، ئەو چركەساتەیە كە شاڕێی مام جەلال‌و یەكێتییەكەی دەوری میحوەریی لەسەركردایەتیكردنی دیموكراسیی لەدەستدەدات.

‎لەراستیدا ئەو ئاڵنگارییانەی قۆناغی داهاتوو روبەڕووی یەكێتی دەبنەوە فرە چەشنەن، هەندێكیان رەهەندی سیاسیی‌و هەندێك رەهەندی رێكخراوەیی‌و هەندێكیش ئابووری‌و بوارەكانی دیكەن، بەڵام لەهەموو جیاوازتر ئەوانەیە كە یەكێتی دەخەنە بەرتاقیكردنەوەی دیموكراسییەوە، ئێستا‌و لەساتەوەختی نزیكبوونەوە لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، فشارەكان لەسەر یەكێتی زۆر دەبن، پەلاماردان‌و تۆمەتبەخشینەوە بۆ یەكێتی دەبێتە دروشمی سەرەكی بەشێك لەهێزەكان، گروپگەلی هەڵتۆقیو لەرێگەی دەستگرتن بەشاقەلی ئەوانی دیكەوە دەیهەوێت ناوی نبێتە ناو ناوان، لەهەموو ئەوانەشدا بە ئامانجگرتنی یەكێتی دەبێتەوە مۆدێل، بەڵام چیدیكە وەزیفەی یەكێتی‌و سەنگ‌و پێگە دیموكراسییەكەی رێگای نادات لەو شەڕە دەنوكەی شكاندنی شكۆی یەكتر بەشداریی ناكات، هەر هێزێك دەخوازێت راوی سەرنجی هاونشتیمانیان بكات، هەر گروپێك دەیهەوێت هەڵبژاردن بباتەوە دەتوانێ دیوە جوانەكانی خۆی بەیان بكات‌و بەپرۆسەی ناجوانكردنی یەكێتی هەڵنەستێت، چونكە ئەگەر ئەوان وەزیفەكەیان بریتی بێت لە پاراستنی كورسیەكانیان لە بەغداد، ئەوە مۆڕاڵی یەكێتی بریتییە لە پاراستنی دیموكراسیەت‌و رێكارەكانی، هەربۆیەش چەند هەوڵبدرێت یەكێتی پەلكێشی ئەو شەڕە میدیاییە بكەن، بەڵنیاییەوە كاتی یەكێتی زۆر لەوە كەمترە فریای ئەو میكانیزمە سەرەتاییانە بكرێت.

‎بەدڵنیاییەوە یەكێتی لەماوەی داهاتوودا بەهەر جۆرێك بێت، خۆی لەبەریەككەوتن لەگەڵ هێزەكانی دەرەوەی خۆی دەگرێت، ئەوەش هەم لەپێناو پاراستنی ئارامی‌و سەقامگیریی‌و دیموكراسی‌و هەمیش لەپێناو ئەوەی بە گەورەیی بمێنێتەوە، چونكە هێزی بچووك لە سەر ئاشوب‌و جنیۆ‌و نا ئارامی هەڵدەكشێ‌و هێزی گەورەش لە سەقامگیریی‌و دیموكراسیدا باڵا دەكات، هەربۆیە لەو چركە ساتەی لەبەردەم باڵابوونی پتری یەكێتیداین، دەبێت هەمووان هانبدەین واز لەبەئامانجگرتنی یەكێتی بێن، چونكە بێدەنگبوونی یەكێتی نیشانەی باری لاری نییە، بەڵكو رەنگدانەوەی راست‌و دروستی ئەو رۆڵە جەمسەرییەیەتی كە لەپێناو دیموكراسی‌و ئازادی راستەقینەدا هێشتویەتییەوە.

‎گوتاری میدیایی ئاوێتە بە دیموكراسیی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكان لەسەر رەهەندە جوانەكانی خۆی دەوەستێت، شرۆڤەی ئەو مێژووە دەكات كە لەپێناو كوردایەتی جوامێرانەو دیموكراسی راستەقینە داویەتی، پەرچەكرداری دەنگ كۆكردنەوەی ئەوانی دیكەش وەستاوەتە سەر پەلاماردان‌و تۆمەتبەخشینەوە، لەبەرئەوەشە گرنگترین شت كە كۆی هێزەكان لەو پرۆسەیە دەستبەرداری بن ئەو گوتارە ئاگرینەیە، چونكە هەمووان دەزانن هەگبەی یەكێتی زۆری تێدایە، ئەگەر تائێستا بەرگری لەبەرامبەر ئەو گوتارە نەك‎‌ نەكردووە پەیوەندی بە مۆڕاڵی دیموكراسییانەوە هەیە، بەڵام كاتێك سەری هەگبەكە دەكرێتەوە ئیدی بێدەنگی دەشكێت.

ئاری عومەر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket