riklam

سه‌رۆك مام جه‌لال .. وانه‌و ده‌رفه‌تێك بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد

بیروڕا 04:00 PM - 2018-04-07
.

.

د.خه‌سره‌و گوڵ


6/4/2005  سیانزه‌ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر روداوێكی مێژوویی گرنگ، له‌ ژیانی سیاسیی هه‌رێم و عیراق ، عیراقی دوای دیكتاتۆری و تاكڕه‌ویی، ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك مام جه‌لال بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدڕاڵ.

بۆ یه‌كه‌م جار، له‌ مێژووی گه‌لی كورد و كوردستان و عیراق، پێشمه‌رگه‌یه‌كی خه‌باتگێڕ،تێكۆشه‌رێكی دڵسۆز، بۆ خاك و نیشتمان، سیاسه‌تمه‌دارێكی مافناس و دیموكرات، داكۆكیكه‌رێكی به‌هێز له‌ پشتیوانی چینی هه‌ژار دوور له‌ كوده‌تاو بنه‌ماڵه‌یی هه‌ڵده‌بژێردرێت، ده‌چێته‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو به‌مه‌ش بووه‌ یه‌كه‌مین، كه‌سایه‌تی سیاسیی كورد، له‌ مێژووی عیراق ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ وه‌ربگرێت.

ره‌وانشاد مام جه‌لال له‌ خه‌باتی شاخ و پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه‌، گه‌یشته‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات، له‌ وڵاتێكی تازه‌ كۆتاییهێنراو، به‌ دڕه‌نده‌ترین دیكتاتۆر و دیكتاتۆریه‌ت له‌ عیراقدا، له‌ وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌و مه‌زهه‌بیی و ده‌مارگیریی، بۆ ئه‌وه‌ی نموونه‌یه‌كی جیاواز پێشكه‌ش بكات له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه‌ سه‌رۆكه‌كان زۆربه‌یان له‌ رێی بنه‌ماڵه‌یی و كوده‌تاو چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌لانیان ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات و پایه‌كانشیان هه‌ر بۆ خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به‌كار دێنن.

سه‌رۆك مام جه‌لال-ی پێشمه‌رگه‌، كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و لوتكه‌یه‌، قه‌ت بۆ ساتێكیش له‌ بیری نه‌چوو كه‌ چۆن گه‌یشتۆته‌ ئه‌و پایه‌ بڵنده‌، كه‌ له‌ سایه‌ی به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و رێكخستنه‌ دێرینه‌كان به‌دیهاتووه‌، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش مایه‌وه‌ كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی خاكی، پێشمه‌رگه‌ ئاسا، پۆستی سه‌رۆك كۆماری كردبووه‌ خزمه‌تی هه‌مولایه‌ك، بگره‌ له‌ دیدارو چاوپێكه‌وتنه‌كانیشی، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی وڵاتان و سه‌ركرده‌ باڵاكانیشدا به‌ده‌ر له‌ پرۆتۆكۆڵی پێشوازی، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد.

له‌ كاتێكدا یادی ئه‌م رۆژه‌ مێژوییه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌بێت هه‌مووان ئه‌م قۆناغه‌ پڕمه‌ترسی و كێشمه‌كێش و ململانێی سیاسیه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگرین، به‌ گیانی یه‌كڕیزی و چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی مام، درێژه‌ به‌خه‌بات بده‌ین و ماڵی كورد رێكبه‌خینه‌وه‌، كار بۆ بنیادنانی یه‌ك گوتاری نه‌ته‌وه‌ی بكه‌ین، له‌ به‌غدادیش شه‌ڕی ده‌ستووری بكه‌ینه‌ بنه‌مای به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد، چونكه‌ ئه‌م قۆناغه‌ ته‌نها و ته‌نها ته‌بایی و برایه‌تی لێمان ده‌وێت، هه‌روه‌ها كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، خوێندنه‌وه‌ی وردو واقیعیمان هه‌بێت، بۆ هه‌لومه‌رجی سیاسی گۆڕاوی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هه‌ژموونی سیاسی وڵاته‌ زلهێزه‌كان .

پێكه‌وه‌ دوور له‌ ده‌مارگیری و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی، خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین و به‌رنامه‌مان هه‌بێت، بۆ داهاتوومان و پێگه‌ی كورد بگه‌ینینه‌وه‌، ئه‌و قۆناغه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ به‌غداد بنیادینا.

روحت شادبێت ،رابه‌ری شۆڕشی نوێ، سه‌رۆكی پێشمه‌رگه‌و پێشمه‌رگه‌ی سه‌رۆك،

رێگات به‌رناده‌ین، مه‌شخه‌ڵانی شۆڕشه‌كه‌ت ده‌كه‌ینه‌ رێبازی به‌رده‌وامی، قه‌دی ره‌گ و ریشه‌ی یه‌كێتیه‌كه‌ت ده‌كه‌ینه‌ هیواو نوێبونه‌وه‌ و خزمه‌تی زیاتری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان .

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket