riklam

ئامانجى گشتپرسى تەنیا سەربەخۆییە

بیروڕا 03:08 PM - 2017-09-28
.

.

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*

پاش گشتپرسى سەربەخۆیى کوردستان کاردانەوەى حکومەتە فاشیست و مەزهەبیەکانى چواردەور کە هەموویان دەوڵەتى بەناو ئیسلامیین هیچ سەرسامى نەکردم و زۆر چاوەڕێکراوبوو! ئەم کاردانەوانە ئەگەر خەڵکى کوردستان گشتپرسی بۆ بیست ساڵى تریش دوابخستایە هەروادەبوو، ئەمە کێشەى عەقڵیەتى ئەم دەوڵەتە نادیموکراتیانەیە ، کە هەمووشتێک و مافێک بۆخۆیان بەڕەوادەزانن و کەچى کەدێتە سەر گەلانى جیاواز لەوان دەبێت دیموکراسى و ڕەوایەتى سنووردار بێت! واتە دیموکراسییەتەکە دەبێت بەدڵى ئەوان بێت ، چۆنیان بوێت و چۆن دایدەڕێژن گەلانى تر سەر بلەقێنن و ڕازى بن.

ئەگەر یەکێک بەوردى ئاگادارى ئەم سێ چوار ڕۆژەى پێشوو بووبێت ، پاش ڕیفراندۆم، و گوێى لە وتارە ئاگریین و هەڕەشەئامێزەکانى سەرۆک و بەرپرسانى ئەو وڵاتە دراوسێیانە بووبێت بەباشى  تێدەگات، کە بۆیە دەڵێم ودەمێکیشە نووسیومە ژیان لەگەڵ ئەم گورگانەى کەلە پێستى مەڕدا خۆیان ماتکردووە هیچ سوودى نییە و ئەمانە بەهیچ شێوەیەک نەگۆڕاون و هەمیشە جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئێمە دەبێت خزمەتکارێکى گوێڕایەڵبین، ئەگینا نایەڵن نان بخۆین و ڕێنادەن قسەبکەین و داروبەردمان دەسووتێنن!

سەرکردایەتى کوردستان زۆر بەباشى و دانبەخۆداگرتن و مێشکێکى ساردەوە وەڵامى ئەو هەڕەشانە دەداتەوە و بە شێوازێکى دیپلۆماسى و ژیرانە کاردەکات، کەهیوادارم ئەنجامى هەبێت! بەڵام خۆم گومانم هەیە ئەم دراوسێ "باشانە " بیانەوێت تێبگەن! وەک ئاماژەم پێدا ئەوەى کە دەنگى بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نووسیبێت ئامادەیە و لەبەرچاویدابووە کە ئەم دوژمنانە کاردانەوەى خراپ دەکەن و لەوانەیە گەلەکەمان برسى ببێت و تووشى شەڕیش ببین.  من لێرەدا نەهاتووم ئامۆژگارى سەرکردایەتى کوردستان بکەم و زۆر باش تێدەگەن و سیاسەت دەکەن، کەلەوانەیە لە پێشوودا هەڵەى زۆریشیان کردبێت بەڵام زۆر بەباشى بارودۆخەکە دەخوێننەوە، تەنیا یەک شت هەیە دەمەوێت بیخەمەڕوو، گەڕانەوە لە ڕاگەیاندنى سەربەخۆى نابێت بکرێت و بیرى لێبکرێتەوە!  جائیتر ڕاگەیاندن پاش چەند ڕۆژێکى تر بێت یان چەند ساڵێکى تر ئەوە نیەت و گفتوگۆى دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دیارى دەکات. 

ئەوەى کەلەسەر ئەو 92% خەڵکى کوردستان پێویستە، لەوانەى کە دەنگیانداوە بەبەڵى، پشتێنى لێقایم بکەین و لەئامادەباشیدا بین و چاوەڕێى فەرمانى سەرکردایەتى کوردستان بین بۆ هەر ئەگەرێک کە لەوانەیە وڵاتى کوردستان دووچارى ببێت! ئەمە بیرکردنەوەیەکى عاتیفى و سەرپێیانەنییە و من وەک خۆم و هاوبیرەکانیشم لە هەشتاکانى سەدەى پێشووەوە ئامادەبووین لە پێناو سەربەخۆیى و دەوڵەتى کوردستاندا گیان بەخشیى بکەین.

گومانیشم لەوەنییە کە پێش ئەوەى بەتەواوى بەرەنگارى ئەم دوژمنە نادادپەرەوەر و نادیموکراسییانە ببینەوە، چەندین کارتیش لەلاى سەرکردایەتى کوردستان هەیە کەدەتوانێت بەکارى بێنێت و پێویستیشە ئەم دوژمنانە ئەوە بزانن خوشک و براکانمان لە پارچەکانى ترى کوردستانى گەورە تەماشاکەر نابن!

*  بەشى زەویناسى / زانکۆى سلێمانى

[email protected]

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket