riklam

قوباد تاڵەبانی بۆ وەفدێکی سێناتی ئەمریکا: دواخستنی هەڵبژاردن زیانە بۆ هەرێم

کوردستان 04:03 PM - 2024-05-04
قوباد تاڵەبانی و سیناتۆر تێد باد نوسینگەی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی و سیناتۆر تێد باد

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە وەفدێکی سێناتی ئەمریکا کە پێکهاتبوو لە سیناتۆر تێد باد، سیناتۆر جۆنی ئێرنتس و وەفدێکی یاوەریان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا رۆژی شەمە ( ٤ی ئایاری ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و هەر یەکە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتەش لە هەرێم ئامادەی بوون. وەفدەکەی سێنات پشتگیری ئەمریکایان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد سەردانەکەیان نیشانەی پابەندیی ئەمریکایە بە گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆک وەزیران، سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر و پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان گرنگ و پێویستە بۆ رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، بەوپێیەی هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی و یەکێتی بۆ وەفدی میوان روونکردەوە و رایگەیاند؛ هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت و جگە لەوەش پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم دەخاتە مەترسییەوە. 
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا بەرەوپێشچوون لەبارەی پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەیە. وتیشی: هەموو هەوڵێک دەدەن ئەم کێشەیە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket