riklam

بۆچی ھەڵبژاردنی پەرلەمان گرنگە بۆ کوردستان

بیروڕا 09:26 PM - 2024-05-03
سالار مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان PUKMEDIA

سالار مەحمود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

بیروڕا

بەشی یەکەم

 سێ بنەمای گرنگ بە سەرچاوە وەردەگرین بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ئایا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە.

بۆچی گرنگە لەوە زیاتر ھەڵبژاردن دوا نەخرێت

یەکەم: لە ئاستی کوردستاندا

لە دوای راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ گواستنەوەی شەرعیەتی جەماوەری و شەرعیەتی شۆڕش بۆ شەرعیەتی ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی کوردستان، بوە بنەمایەکی کۆکەرەوەو ھاندەر بە پشت بەستن بە بڕیاری ٦٨٨ ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. 

١٩٩٢/٥/١٩ بووە رۆژێکی پرشنگدار لە مێژووی کوردستانی عیراق، بەھەڵبژاردنی گشتی یەکەم بنەمای حوکمی خۆبەخۆی خەڵکی کوردستان دانرا.

پەرلەمان ھەڵبژێردرا. پەرلەمان یەکەم کابینەی حکومەتی ھەرێمی دامەزراند.

لەپەرلەمانی کوردستانەوە سیستەمی فیدراڵی چەسپێنرا، ئەو کات یەکێتی نیشتمانی کوردستان بانگەشەی بۆ فیدراڵیەت بۆ کوردستان و عیراقیش دەکرد.
لە پەرلەمانەوە دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە یاسا دامەزرا.
دامەزراوەی دادوەری بە یاسا لەپەرلەمانی کوردستانەوە دامەزرا.
وەرچەرخانێكی چۆنایەتی ھاتە کایەوە، دۆستەکانی نێودەوڵەتی پێی سەرسام بوون تا ئەو رادەیەی کەسانی وەک جۆبایدن و دانیال میتەران و سەرکردەکانی دونیا دەھاتنە پەرلەمان و وتاریان دەدا.
گەرچی داگیرکەرانی کوردستان ئەو ئەزموونەیان بە بارگرانی و مەترسی لەسەر خۆیان دەزانی و ھەوڵیان دەدا لاوازی بکەن تا گەیەنرایە شەڕی ناوخۆ بەڵام دوای گیرسانەوە ئەزموونەکە بەردەوام بوو،
رێکەوتنامەی ستراتیژی یەکێتی و پارتی لەلایەن سەرۆک مام جەلال و کاک مەسعودەوە برایە پەرلەمان بۆ پەسەندکردن وەک وەسیقەیەکی سیاسی.
پەرلەمانی کوردستان یەکەم ئەزموونی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشی بەسەرکەوتوویی تاقیکردەوە.
لەپەرلەمانەوە بە یاسا پشتیوانی بۆ ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کرا.
سەدان یاساو بڕیار لەبەرژەوەندی ھەرێمەکەو خەڵکەکەی دەرکران " گەرچی بەشێک لە رۆحی یاساکان ھێشتا جێبەجێنەکراون"، بەڵام گرنگ بوون.
کوردستان ناونرا "عیراقەکەی تر".
کوردستان بووە کاروانسەرای سەرۆک و سەرۆک وەزیرو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان.

ھەرێم ناونرا ناوچە ئارام و گەشەکردوەکەی عیراق.
لە گوتاری سەرەکی لایەنەکاندا پەرلەمان بە بەرھەمی خوێنی شەھیدان و خەبات و شۆڕش ناوزەد دەکرا.
دوای ئەو ھەموو ساڵە لە ھەڵکشان و داکشانی سیاسی وا ٣٢ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ھەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەماندا، ئێستاکە وا دوو ساڵ بەسەر پەکخستنی کاری پەرلەمان و وادەی ھەڵبژاردنی نوێ تێپەڕ دەبێت، بەداخەوە پێگەی پەرلەمان و ھۆڵی پەرلەمان ساردو سڕەو، بووەتە قوربانی ململانێی نا سیاسی نا دیموکراسی نا نەتەوەیی و نانیشتمانی.
ئەم چەق بەستنە دەرگای کردۆتەوە بەسەر چەندین گریمانەو ئەگەری نەخوازراودا 
تا گەیشتن بەدابەشبوون لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن لەو وادەی کە دواجار دیاریکراوە ئەویش ٢٠٢٤/٦/١٠ یە.
یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و زەحمەتکێشان و حزبی شیوعی و سۆسیالست لەلایەک لەگەڵ ھەڵبژاردنن لەو وادەیەو، پارتیش لەلاکەی تر دژی ھەڵبژاردنە لەو کاتە، ھەر لایەکیش بیانوی خۆیان ھەیە، بیانوی بەھێزو لاواز.
بەڵام ھاوکێشەکە بەبڕوای بەندە گەورەترە لە ئەنجامدان و نەدانی پرۆسەی ھەڵبژرادنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە عیراق وەک تەرەفی دووەم و دەرەوەش وەک تەرەفی سێیەم، ئامانج و دیدگای تریان ھەیە بەرامبەر بە کوردستان و قەواری فیدراڵی ھەرێمی کوردستان.
ھەوڵ دەدەم لە دوو بەشەکەی تردا تیشکیان بخەمە سەر، بۆ گەیشتن بە وڵامێکی دروست.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket