riklam

سەرۆککۆماری عیراق و تورکیا: کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەربکرێن

عیراق 03:19 PM - 2024-04-22
سەرۆککۆماری عیراق و تورکیا PUKMEDIA

سەرۆککۆماری عیراق و تورکیا

سەرۆککۆمار

سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی له سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات و لەسەر چەندین بابەتی گرنگ گفتوگۆی چڕ دەکەن و دەڵێن: "پێویستە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەردوولا بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەربکرێن"، هاوکات وابڕیاریشە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

 

ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2024 د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پیشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و وەفدی یاوەری کرد و گفتوگۆی دوولایەنەیان کرد لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و میکانیزمەکانی پەرەپێدانی هاریکارییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا و جەختیان لە پێویستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایش و ئابووری و سەرچاوە ئاوییەکان.

 

سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە: "عیراق بە پەرۆشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات لە بوارەکانی مێژوویی و ئابووری و بازرگانی و کولتووریدا و جەختیشی کردەوە: "زۆر گرنگ و پێویستە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بکرێن".

 

هاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە "گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دڵنیابوون لە ئاسایشی هاوبەش بۆ هەردوو وڵات و ناوچەکە و پاراستنی سنور و بەرەنگاربونەوەی دەستدرێژیکردنە سەرخاکی وڵاتانی دراوسێ".

 

هەردوولا دوپاتیانکردەوە، کە پێویستە دەستبەجێ پەلامارەکان بۆسەر غەززە رابگیرێن و پشتیوانی لە گەلی فەڵەستینی برا بکرێت بۆ بەدەستهێنانی هەموو مافە رەواکانی، کە بە شەرعییەتی نێودەوڵەتی مسۆگەرکراون. هەروەك هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دا بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ دۆزی فەڵەستین لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە عیراق بەکارهێنانی خاکەکەی وەك سەرچاوەیەك بۆ دەستدرێژی یان هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ رەتدەکاتەوە، هەروەك هەر دەستدرێژییەك یاخود پێشێلکارییەك دژبە شارەکانی عێراق رەتدەکەینەوە، لەم چوارچێوەیەشدا جەختیکردەوە لەسەر پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و ئاسایشی نیشتمانی.

سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەدۆسیەی ئاو و ئەو قەیرانە کرد، کە عێراق دووچاری هاتوە لە ئەنجامی کەمبونەوەی گەیشتنی ئاو لەڕێی روبارەکانی دیجلە و فورات و کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو چالاکییەکانی ژیان. جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو و مسۆگەرکردنی پشکی دادپەروەرانە بۆ عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی و سودوەرگرتن لە ئەزمونەکان لە بەڕێوەبردنی دۆسێی ئاو و بنیاتنانی بەنداوەکان و هاوئاهەنگی و راوێژ لەبارەی پرۆژە و دامەزراوەکان، کە لەسەر روبارەکانی دیجلە و فورات دروستدەکرێن.

 

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانکردنی عیراق و ستایشی پێشکەوتنەکانی عیراقی کرد لەسەر ئاستی جیاواز و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی پەرەپێدانیان و ئاماژەی بەوەدا: "کە تورکیا لە شەڕی دژ بە تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ژینگەیی و ئابوورییەکاندا لەگەڵ عیراقدایە".

 

ئەردۆغان ئەوەش دەڵێت: "کە هەردوو وڵات بە پەیوەندییەکی جیاواز لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەستراونەتەوە کە خزمەت بە هەماهەنگی هاوبەش دەکات و سوود بە گەلی عیراق و تورکیا دەگەیەنێت".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket