riklam

سەرۆك کۆماری لەگەڵ پادشای ئوردن و رەوەندی عیراقی لە ئوردن کۆدەبێتەوە

عیراق 08:30 PM - 2024-04-15
سەرۆک کۆماری عیراق و پادشای شانشینی هاشمی ئوردن نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار

سەرۆک کۆماری عیراق و پادشای شانشینی هاشمی ئوردن

د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆماری عیراق و شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای شانشینی هاشمی ئوردن بە ئامادەبوونی شازادە حسێن بن عەبدوڵڵا شازادەی جێنشینی ئوردن کۆبونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا، کە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە 15-4-2024، لە کۆشکی بسمان بەڕێوەچوو، دواتریش سەرۆك کۆماری عیراق لە شوێنی مانەوەی لە عەممانی پایتەختی ئوردن، پێشوازی کرد لە ژمارەیەك لە رۆڵەکانی رەوەندی عیراقی لە ئوردن.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆك کۆمار و پادشای ئوردن جەختیانکردەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ راگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژییەکان بۆسەر غەززە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی فەڵەستین، کە کۆتایی بە توندوتیژی بهێنێت و گەلی فەڵەستین بە مافە رەواکانی خۆی بگات، کە بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و نەتەوە یەکگرتووەکان زامنکراوە. هەروەها سەرۆک کۆمار و پادشای ئوردن داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوبنێت بۆ کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییە مەترسیدارانەی دژبە گەلی فەڵەستین ئەنجامدەدرێن، کە بریتین لە سیاسەتی پەیڕەوکردنی جیاکاری نەژادی و گەمارۆدان و دەستدرێژیکردنەسەر پیرۆزییەکان، هەروەها باس لە پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە و گرنگی کەمکردنەوەی گرژییەکان و وەستاندنی پەرەسەندنی بەردەوام کرا و جەختکرایەوە لەسەر گرتنەبەری بنەمای لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەنێوان گەلانی ناوچەکەدا.

دواتر گفتوگۆی فراوان لەنێوان هەردوولادا بەڕێوەچوو، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆماری عیراق، سەرۆکایەتی لایەنی عیراقی کرد، کە پێکهاتبون لە د.خالید بەتال وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و تاڵیب خەلیل راهی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و د.کامل دولەیمی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار و د.هیشام عەلەوی بریکاری وەزارەتی دەرەوە و د.محەمەد ئەمین فارس راوێژکاری سەرۆك کۆمار و د.جەمال محەممەداوی راوێژکاری سەرۆك کۆمار و مونیف عەلی حسێن هەكسوڕێنەری کاروباری عیراق، هاوکات شا عەبدوڵڵای دووەم سەرۆکایەتی لایەنی ئوردنی کرد، کە بریتیبون لە شازادە حسێن بن عەبدوڵڵا شازادەی جێنشین و د.بەشر خساونە سەرۆك وەزیران و د.جەعفەر حەسان بەڕێوەبەری نوسینگەی پادشا و یوسف شمالی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی.

سەرۆك کۆمارتی عیراق جەختیکردەوە لەسەر قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی چەسپاندنی هاریکاری و هاوئاهەنگی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئەمنی و بازرگانی و ئابوری و وزە و ژینگە و گەشتیاری، هەروەها ئاماژەیکرد بە پێویستی بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆژانەی هەردوو وڵات دەستیانکردوە بە جێبەجێکردنیان بەتایبەتی شاری ئابوریی هاوبەش و بۆری نەوت و هاریکاری لەبواری کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراك و پەرەپێدانی ئابوری و بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگی ئاسایش و هەواڵگری بۆ روبەڕوبونەوەی باندە تیرۆریستییەکان و بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، سەرەڕای پەرەپێدانی هاریکاری دادوەری لەنێوان هەردوو وڵات تایبەت بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی گەڕاندنەوەی پارە و کەلوپەل و ئەوانەی تێوەگلاون لەو دۆسیەیانە.

هەروەها سەرۆك کۆماری عیراق تیشکی خستە سەر پێویستی درێژەدان بە کۆبونەوەی سێقۆڵی نێوان عیراق و ئوردن و میسر بەشێوەیەکی وەرزی و هەنگاونان بەرەو پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی کۆبونەوە باڵا سێقۆڵییەکانی پێشوو، هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە بارودۆخی رەوەندی عیراقی لە ئوردن و گرنگی دابینکردنی ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا کرا لەپێناو هاندانی گەشت و گەشتوگوزار لەنێوان هەردوو وڵات و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سزای دارایی سەر ئەو عێراقیانەی لە ئوردنن بەمەبەستی راستکردنەوەی باری یاساییان، لە بەرامبەردا شا عەبدوڵڵای دووەم پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عیراق دووپاتکردەوە و ئاماژەیکرد بە گرنگی پەرەپێدانی هاریکاری و کاری هاوبەش لە بوارەکانی وزە و پیشەسازی و بازرگانی و ژینگە.

شا عەبدوڵڵای دووەم ئاماژەی بەوەشکرد: "ئوردن بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوی لە بنیاتنانی پەیوەندییەکی تۆکمەیە لەگەڵ عێراق، بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش بکات و رۆڵی سەرەکی هەردوو وڵات گەشەپێبدات لە پەرەپێدانی دەرفەتی ئاشتی، هەروەها باسی ئەو پەیوەندییە برایەتی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەی کرد، کە گەلی عێراق و ئوردن پێکەوە دەبەستێتەوە".

پادشای ئوردن تیشکی خستەسەر دۆخی غەززە و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و دابینکردنی زیاتری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و گەیاندنی ئەو کۆمەکانە بە هەموو رێگایەکی بەردەست، هەروەها ئاماژەیکرد بە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن و پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان ئوردن و عێراق و ستایشی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی هێڵی کارەبای نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

 

سەرۆك کۆمار پێشوازی لە رەوەندی عیراقی لە ئوردن دەکات

لە هەمان رۆژ، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆماری عیراق لە شوێنی مانەوەی لە عەممانی پایتەختی ئوردن، پێشوازی کرد لە ژمارەیەك لە رۆڵەکانی رەوەندی عیراقی لە ئوردن لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا، کە سەردانەکەی ئێستای بۆ شانشینی هاشمیی ئوردن لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برادایە، هەروەها بۆ فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوان هەرسێ وڵات، عێراق، ئوردن و میسرە بە تایبەتی لە بوارەکانی وزەی نوێبوەوە، کە ئەمە پێویستی بە کاری چڕوپڕ هەیە لەو کۆبونەوەیەی ئومێد دەکرێت بەمزوانە ببەسترێت و  وەزیران و تەکنیکارانی تایبەتمەند لە هەرسێ وڵات بەشداری تێدا دەکەن.

"عیراق بە پەرۆشە بۆ درێژەدان بە هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ براکانی لە پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرقەرار بکات"، سەرۆک کۆمار وای وت. سەبارەت بە پرسی فەڵەستین، سەرۆك کۆمار پشتیوانی حکومەتی عیراق و خەڵکەکەی بۆ گەلی فەڵەستین دوپاتکردەوە و جەختی لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژییەکان بۆسەر کەرتی غەززە کردەوه، که کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکه هەبووه.

هەروەها ئاماژەی بە گرنگی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ پرسی فەڵەستین، کە داواکارییەکانی گەلی فەڵەستین بەدیبهێنێت بۆ گەیشتن بە مافە تەواوەکانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئازاد و سەربەخۆی خۆیان لەسەر خاکی نیشتمانەکەیان.

سەرۆك کۆمار تیشکی خستەسەر ئەو سەقامگیرییە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەی عیراق لەئێستادا بەخۆیەوەدەبینێت و کاریگەری ئەرێنی داناوە لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ کۆی وڵاتانی جیهان، هەروەها پێداگری حکومەت لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامە خزمەتگوزارییەکەی و درێژەدان بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە لە هەموو پارێزگاکانی وڵاتدا رونکردەوە، داواشی لێکردن لەڕێگەی ئەزمون و تواناکانیانەوە بەشداری بکەن لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بونیادنانی عێراق و گەشەپێدانی.

سەرۆك کۆمار رایگەیاند: "لە میانی گفتوگۆکاندا لەگەڵ خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم، بارودۆخی رەوەندی عیراقی تاووتوێ کردوە، گرنگیدان بە بەرژەوەندییەکانیان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە عیراقییەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکان و تەنانەت لە ئەرکە سەرەکییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەتی عیراقە".

لای خۆیانەوە رۆڵەکانی رەوەندی عیراقی لە ئوردن سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆك  کۆمار دەربڕی بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە، جەختیان لەوەشکردەوە، کە ئەم پەیوەندی و دیدارانە لەگەڵ رۆڵەکانی رەوەندی عیراقی لە دەرەوەی وڵات و گرنگیپێدانیان، ئاسانکاری دەکات بۆیان لە لابردنی ئەو ئاستەنگ و رێگریانەی روبەڕویان دەبێتەوە لە ماوەی مانەوەیان لە دەرەوەی وڵات.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket