riklam

مووچه‌خۆرانی هه‌رێم هاوشێوه‌ی عیراق مووچه‌ وه‌رده‌گرن

کوردستان 11:59 AM - 2024-04-14
مووچە PUKMEDIA

مووچە

مووچە

ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ به‌رده‌وامیی ده‌بێت و ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ڵێت:"كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر كراوه‌و له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی نیسانی مووچه‌خۆرانی عیراق مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیش ده‌نێردرێت".

 

لیژنه‌ی دارایی ناردنی مووچه‌ی هه‌رێم تاوتوێده‌كات

مسته‌فا گه‌رعاوی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:"سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ 15-4-2024 له‌لایه‌ن لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ پرسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كرێت، كه‌ له‌ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و له‌ ڕ‌ێگه‌ی بودجه‌ی فیدراڵی به‌بێ ئه‌نجامدانی هه‌ندێك رێكار چاره‌سه‌ر كراوه‌".

 

"حكومه‌تی فیدراڵ هه‌موو مانگێك له‌ 18ی مانگه‌وه‌ به‌پێی ریزبه‌ندی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌كات و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌نێرێت و ناردنی مووچه‌ی بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامده‌بێت، "، مسته‌فا گه‌رعاوی وای وت.

 

حكومه‌تی عیراق له‌ 18ی مانگه‌وه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ ده‌ستپێده‌كات

 

له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ، مووچه‌ بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیش دەنێردرێت و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت مانگانه‌ له‌ 18 تا 30 مانگ مووچه‌ بۆ هه‌رێم بنێردرێت.

 

چرۆ حه‌مه‌ شه‌ریف ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ نه‌ماوه‌و مانگانه‌ له‌ 18ی مانگ تا 30 مانگ مووچه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێردرێت".

 

"هه‌تا دروستكردنی (ته‌وتین) بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن بانكه‌ حكومییه‌كانی عیراقه‌وه‌، رێككه‌وتنی سیاسی كراوه‌و بڕیاردراوه‌ به‌پێی ئه‌و لیسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ ده‌ینێرێت بۆ حكومه‌تی عیراق، پاش وردبینی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌  مووچه‌كانیان بنێرێت"، چرۆ حه‌مه‌ شه‌ریف وایوت.

 

ته‌وتین بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كرێته‌وه‌

 

دوای دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی كانونی دووه‌م، مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی دوو مانگ بوو مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتبوو، به‌ڵام له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا مووچه‌ی مانگه‌كانی شوبات و ئادار له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم نێردراو حكومه‌تی هه‌رێمیش دابه‌شی كرد، له‌ئێستاشدا مووچه‌خۆرانی هه‌رێم چاوه‌ڕێی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی نیسانن، هاوكات به‌پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویسته‌ سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانی هه‌رێم ( ته‌وتین) یان له‌بانكێكی حكومی كه‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی عیراق بێت بۆ بكرێته‌وه‌و له‌و هه‌ژماره‌وه‌ مانگانه‌ مووچه‌كانیان پێبدرێت.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket