riklam

لایەنەکانی کەرکوک چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی پارێزگاکەن

کوردستان 11:23 AM - 2024-04-13
 یەکەمین کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی پارێزگای کەرکوک PUKMEDIA

یەکەمین کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی پارێزگای کەرکوک

کەرکوک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

حزب و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک چاوەڕوانی سێهەمین کۆبوونەوەن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عیراق بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاکەش دەڵێت: "پێویستە وەک پارێزگاکانی دیکەی عیراق ئەنجومەنەکە کارا بێت و پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش یەکلا ببێتەوە".

لایەنە براوەکانی کەرکوک لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبنەوە

ئەحمەد فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە ئەمریکا، لایەنە براوەکانی کەرکوک جارێکی دیکە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆدەبنەوە".

"چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی ئەنجومەن و پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە، چونکە لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق، لە ئێستادا تەنها پارێزگای کەرکوک ماوە ئەنجومەنی پارێزگاکە کارابێت و پارێزگار دەستنیشان بکات"، ئەحمەد فاتیح وادەڵێت.

هاوكات پێشتر دوو جار، به‌ ئاماده‌بوونی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی كه‌ركوك له‌ به‌غدا بۆ تاوتوێكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی كه‌ركوك و دیاریكردنی پارێزگارو سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك کۆبوونەتەوە و بڕیاریشە دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە ئەمریکا جارێکی دیکە لایەنە براوەکانی کەرکوک لەسەر مێزی گفتوگۆ لە بەغدا کۆببنەوە.

یەکێتی زۆرترین دەنگی لە کەرکوک بەدەستهێناوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرترین دەنگی لە پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە و بە مافی خۆی دەزانێت پۆستی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن.

رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "وەک لە رابردوو رامانگەیاندبوو، یەکێتی ئامادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکانی شارەکە گفتوگۆ بکات و بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن پۆستەکانی پارێزگاکە بەسەر لایەن و پێكهاتەکاندا دابەش بکرێت".

"یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە زۆرترین دەنگی هێناوە لە پارێزگاکە، مافی خۆیەتی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت و لایەنەکانی دیکەش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، پشکی خۆیان لە پارێزگاکە وەربگرن و بە هەموومان بتوانین خزمەتی خەڵکی کەرکوک بکەین"، رەوەند مەلا مەحمود وای وت.

یەکێتی 5 کورسی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێناوە

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق رۆژی 18ی 12ی 2023 لە 15 پارێزگا ئەنجامدرا و لەئێستاشدا تەنها پارێزگای کەرکوک ماوە کە ئەنجومەنەکە کارابکرێت و کەسێکیش بۆ پۆستی پارێزگاری شارەکە دەستنیشان بکرێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بە مافی خۆی دەزانێت پۆستی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت.

هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە کە لەنێوان یەکێتی و شیوعی بوو، لە کەرکوک زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاکە بەدەست هێناوەو هێزی یەکەمی هەموو پێکهاتەکانە و خاوەنی 157 هەزار و 639 دەنگە، کە دەکاتە 43٪ دەنگەکانی ئەو پارێزگایەو 5 کورسی بەدەستهێناوە‍‍، بەڵام تائێستا کە چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق دا تێدەپەڕێت، نەتوانراوە ئەنجومەنی پارێزگاکە هەڵبژێردرێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket