riklam

سەرۆك بافڵ: پێكەوە بەرەو قۆناغێكی نوێی میدیایی هەنگاودەنێن

کوردستان 11:09 AM - 2024-01-11
  سەرۆك بافڵ PUKMEDIA

سەرۆك بافڵ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆک بافڵ بۆردی راگەیاندنی یەكێتی

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ (دووەمین كۆنفرانسی رێكخستنەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتی میدیایی و ئامادەسازی بۆ قۆناغی نوێ)ی بۆردی راگەیاندن پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: "نان و ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران تەنیا درووشمێكی سیاسی نەبووە، بەڵكو فەرهەنگی سەنگینی سەرۆك مام جەلالە و دەیپارێزین، ئێوە بەرەو نوێبوونەوە و داهێنان هەنگاوبنێن و ئێمەش بە دڵ پشتیوانتان دەبین".

 

دەقی پەیامەكە:

ئامادەبووانی دووەمین كۆنفرانسی رێكخستنەوە و داڕشتنەوەی سیاسەتی میدیایی و ئامادەسازی بۆ قۆناغی نوێ 
هەڤاڵانی بۆردی راگەیاندن
میدیاكارانی خۆشەویست

سەرەتا پیرۆزبایی بەستنی كۆنفرانستان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

بەڕێزان 
دەمەوێت لە دڵەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی ئێوەی دڵسۆز و خۆشەویست بكەم بۆ هەوڵەكانتان لە سەرخستنی هاوپەیمانیی كەركووك هێز و ئیرادەمانە و یەكێتییەكەتان لە كەركووكی قودسی كوردستان، بێگومان رۆڵێكی گرنگ و كاریگەرتان گێڕا لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و شانازیتان پێوەدەكەین.

ئامادەبووانی خۆشەویست
ئەمڕۆ میدیا لە جیهاندا لەبەردەم گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، نوێبوونەوە و داهێنان خواست و ئەركی سەرەكی میدیاكانە لەپێناو خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكە و هەنگاونان لەگەڵ خواستی خەڵك و ململانێ پیشەییەكان.

لەگەڵ وردبوونەوە و تێگەیشتنمان لە دۆخی میدیا لە جیهاندا، پێویستە ئێمەش بە روانین و دیدگایەكی نوێوە، بە سوودوەرگرتن لە پێشكەوتنە تەكنەلۆجییەكان و پابەند بە بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی، سیاسەت و ستراتیجێكی نوێ بۆ میدیا بنووسینەوە و هاوشانی بەرەوپێشچوونە میدیاییەكان هەنگاوبنێین.

هەڤاڵان و خوشك و برایان 

ئێوە هەمووتان قەڵەمی بەئەمەك و خۆنەویستی یەكێتی بوون و لە بەرگریكردن لە یەكێتی و دۆزی رەوای گەلەكەمان، دەنگی ئازا و دلێر بوون، ئەمە جگەلەوەی لە قۆناغی ئاشتیشدا رۆڵی گرنگتان لە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە گێڕاوە و رەوتی رۆژنامەوانی و رۆشنبیریتان بەرەوپێشبردووە. ئێمە شانازیی بە هەمووتانەوە دەكەین و لە توانا و لێهاتووییتان دڵنیاین، دڵنیام لەم كۆنفرانسەشدا سوود لە كەسانی پسپۆڕ و ئەكادیمی وەردەگرن و پێكەوە بەرەو قۆناغێكی نوێی میدیایی هەنگاودەنێن كە لەئاست خواستی خەڵكدایە و هاوتایە لەگەڵ میدیا پێشەنگەكانی جیهاندا.

ئازیزان 
میدیاكانمان بە بینراو، نووسراو، بیسراوەوە پێویستیان بە بەخۆداچوونەوەی جدی و گۆڕانكاری ریشەیی هەیە، دەزانین شانازیمان لە رابردوودا زۆرن، بەڵام ئەمە بەتەنیا بەس نییە و پێویستە رووانینمان بەرەو داهاتوو بێت. بۆ ئەمەش پێویستە بە بیرێكی نوێگەر و داهێنەرانەوە مامەڵە لەگەڵ میدیا بكەین و بە هەنگاوی كردەیی میدیاكانمان رێكبخەینەوە و سیاسەتێكی نوێی كاریی میدیایی دابڕێژین كە لە خزمەت كوردستان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكاندا بێت. 

دڵخۆشم كە بۆردی راگەیاندن كۆنفرانسەكەی سەرچاوەیەكە بۆ بەهێزكردنی رایەڵەی میدیایی لەسەرجەم ئۆرگانە حزبییەكان كە نوێنەرایەتیی راگەیاندنی تەواوی مەكتەب و مەڵبەندكانی لەخۆگرتووە .

لە كۆتاییدا جەخت لەوەدەكەمەوە نان و ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران تەنیا درووشمێكی سیاسی نەبووە، بەڵكو فەرهەنگی سەنگینی سەرۆك مام جەلالە و دەیپارێزین. ئێوە بەرەو نوێبوونەوە و داهێنان هەنگاوبنێن و ئێمەش بە دڵ پشتیوانتان دەبین.

شاد و سەرفرازبن

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket