riklam

چوار باڵیۆزی نوێ له‌عیراق ده‌ستبه‌كار ده‌بن

عیراق 04:48 PM - 2024-04-30
سەرۆککۆمار و چوار باڵیۆزە نوێکە PUKMEDIA

سەرۆککۆمار و چوار باڵیۆزە نوێکە

باڵیۆزانی نوێی بۆسنه‌و هه‌رزه‌گۆڤینا و سریلانكا و ئه‌سیوپیا و غانا له‌عیراق ده‌ستبه‌كارده‌بن و به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی رۆژنامه‌نوسی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ PUKMEDIA نێردراوه‌، ئاشكرایده‌كات كه‌ سه‌رۆك كۆمار كارنامه‌ی له‌ سلاڤكۆ ماتانۆڤیچ باڵیۆزی كۆماری بۆسنه‌ و هه‌رزه‌گۆڤینا و ئودایا كوماره‌ باڵیۆزی كۆماری سۆشیالیستی دیموكراتی سریلانكا، سه‌عید محه‌مه‌د جوبره‌یل باڵیۆزی كۆماری فیدراڵی ئه‌سیوپیا و محه‌مه‌د حه‌بیب ئیدریس باڵێۆزی كۆماری غانای وه‌رگرت.

له‌میانی دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزان به‌جیا، كه‌ ئه‌مڕ‌ۆ سێشه‌ممه‌ 30-4-2024، له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا به‌ڕ‌ێوه‌چوو، سه‌رۆك كۆمار دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و سیاسه‌ته‌ی عیراق په‌یڕه‌وی ده‌كات، بریتیه‌ له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی و هاریكاری و پابه‌ندبوون به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ بنیاتنانی هاوبه‌شی ڕ‌استه‌قینه‌ كه‌ گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ گه‌لان و وڵاتانمان له‌خۆده‌گرێت".

سه‌رۆك كۆمار ستایشی ڕ‌ۆڵی گرنگی باڵیۆزانی كرد له‌ پاڵپشتیكردنی هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی نێوان وڵاتان و كردنه‌وه‌ی ئاسۆی نوێ بۆ هاریكاریی به‌رهه‌مدارتر و بنیاتنه‌ر، هیواشی خواست باڵیۆزانی نوێی سه‌ركه‌وتووبن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ دیپلۆماسییه‌كانیان له‌ عیراق.

هاوكات سه‌رۆك كۆمار سڵاوی خۆی له‌ رێگه‌ی باڵیۆزانی نوێ نارد بۆ سه‌رۆكی وڵاته‌كانیان و هیوای له‌شساغی و سه‌ركه‌وتنیشی بۆ باڵیۆزان خواست.

لای خۆشیانه‌وه‌ باڵیۆزان سڵاوی سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان و هیوای ته‌ندروستی باشیان  گه‌یانده‌ سه‌رۆك كۆمارو هه‌روه‌ها خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنی زیاتریشیان بۆ گه‌لی عیراق خواست، هاوكات باڵیۆزانی نوێ ویستی وڵاته‌كانیان بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ عیراق و په‌ره‌پێدانیان له‌بواره‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش نیشاندا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی رابردوو 29-4-2024، خالید ئەحمەد مەنسوڕ وەك باڵیۆزی نوێی شانشینی بەحرێن، جۆرج سەعید زامیت وەك باڵیۆزی نوێی كۆماری ماڵتا، فێرناندۆ دی ئوری وەك باڵیۆزی نوێی كۆماری پورتوگال و خۆسێ مارتینێز وەك باڵیۆزی نوێی كۆماری ئەنگۆلا کارنامەیان پێشکەشی د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق کرد.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket