riklam

دارایی هەرێم چاوەڕوانی پارەیە بۆ مووچەی مانگی نیسان

کوردستان 02:57 PM - 2024-04-30
دراوی عیراقی PUKMEDIA

دراوی عیراقی

وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بەردەوامە و وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریى هەرێمى کوردستانیش دەڵێت: "هەموو داواکارییەکانی بەغدامان بۆ ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە وچاوەڕێین بەغدا پارەمان بۆ بنێرێت"، ئەندامێکی لیژنەی داراییش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بەوەدەکات: "چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا بەغدا مووچەی هەرێم بنێرێت".

داهاتە فیدراڵییەکان دەخرێنە سەر هەژمارى دارایى عیراق

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى ناردنى مووچەى مانگى چوارى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریداوە داهاتە فیدراڵییەکان بخرێنەسەر هەژمارى وەزارەتى دارایى فیدراڵى، ئەو بابەتە یەکلایى کراوەتەوە و بڕیاریدراوە بە زووترین کات ئەو داهاتانە بنێردرێن، ئەوەش بۆ ئەوەى چیتر حکومەتى فیدراڵى عیراق هیچ بیانوویەکى نەمێنێت بۆ ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و نەبەسترێتەوە بەهیچ بابەتێکى دیکەوە".

"ناتوانین بڵێین کەى کۆتایى بە لیستی پلەبەرزکردنەوە دەهێنرێت، بەڵام بەردەوام لەسەرخەتین و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان لەکاردان تاوەکو لیستى مووچەی مانگی ئایار بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادەبکەن، هەرکات تەواوبوو ئەوا بۆ دارایی عیراقی دەنێرین". هونەر جەمال وادەڵێت.

لە دوو رۆژی داهاتوودا مووچە بۆ هەرێم دەنێردرێت

وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دارایی عیراقەوە تەواو نەبووە، لەگەڵ تەواوبوونیدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنرێردرێت کە چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا وردبینییەکە تەواو ببێت.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا دارایی عیراق مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بکات".

"هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونکەکانم تائێستا وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دارایی عیراقەوە تەواو نەبووە و لەگەڵ تەواوبوونیدا بڕیار دەدرێت مووچەی ئەم مانگە بۆ هەرێم بنێردرێت"، د. نەرمین مەعروف وادەڵێت.

10 رۆژە هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ عیراق ناردووە

رۆژی یەک شەممە 21-4-2024 لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کرا و بڕیارە دوای وردبینی تەمویلی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی بۆ وێبسیاتی PUKMEDIA نێردراوە، ماوەی 10 رۆژە لیستی مووچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کراوەو بڕیارە دوای وردبینی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ئەمساڵدا مووچەی هەرسێ مانگی رابردوو خەرجکراوەو چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بکرێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket